له‌نده‌ن، 06ی ئۆگوستی 2009
ئاسانه كه بزانرێت ساڵانه یا له ده‌هه‌یه‌كدا زیانی گیانی یا مرۆیی چه‌نده، هه‌روه‌ها ئاسانیشه كه بزانرێت بڕی له‌ناوچوونی موڵك و خانووبه‌ره و هه‌تا ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌رانی دیش هه‌ر به‌هۆی جه‌نگه‌كانه‌وه، چه‌نده. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئامارێكی فه‌رمییه‌وه ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت هه‌ژماری ئه‌و مرۆڤانه‌ی یا ئه‌وگیانله‌به‌رانه‌ی که له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمپانیا گه‌وره‌كان، كه له دووی نه‌وت و ئاو و سامانه سروشتییه‌كانی تردا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا وێڵن، یا ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه وڵاتی له‌دایكبوویان به‌جێهێشتووه و به‌جێده‌هێڵن و له شوێنێكی تری ئه‌م دنیایه‌دا، له دووی ڕه‌نجی كاری هه‌رزان و كه‌ره‌سه‌ی خاوی هه‌رزاندا وێڵن، له‌ناو ده‌چن یا ئه‌و زیانه‌ی له ژینگه ده‌كه‌وێت، چ كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتێك بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كان، بۆ ژینگه‌ی ناوچه‌كان به‌جێده‌هێڵن، سه‌رئه‌نجام دیسانه‌وه زیانی ئه‌مانه‌ش به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌شكێته‌وه.
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو گه‌لێك له ئێمه قه‌ت بیر له‌وه ناكه‌ینه‌وه یا نه‌كردۆته‌وه، كه دروستكردنی به‌نداوێك یاخود بۆ نموونه دانانی كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو كوكا كۆلا، یا بیره یا گه‌لێكی تر له‌و چه‌شنه چ شوێنه‌وارێكی خراپ له‌سه‌ر ناوچه‌كه و كۆمۆنێتییه‌كان به‌جێ ده‌هێڵێت. ئێمه ته‌نها لایه‌نه باشه‌كه‌مه‌كانی وه‌كو خولقاندنی كار یاخود دانی كاره‌با و بوونی ئاوی پێویست له دروستكردنی به‌نداوێکدا ده‌بینین.
له‌م باسه‌دا، ده‌مه‌وێت په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاكێشم، كه ئێمه‌ی مرۆڤ له سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه جیهانییه‌ی ئێستا - سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی-دا به جه‌نگه‌كانیان، به ڕه‌فتار و ڕامیاریی و به پراكتیزه‌كردنی سیساسه‌ته‌كانی له شوێنه جیاجیاكانی دونیادا، ته‌نیا به قۆچی قوربانی نابین، به‌ڵكو ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئێمه و ژینگه‌ش، زۆر كاریگه‌رترن و ڕه‌نگیشه قوربانییه‌كانمان ژماره‌یان زیاتر بێت. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ر به ته‌قه‌لێكردن ژیانمان لێ ناسه‌ندرێته‌وه، به‌ڵكو بێ ته‌قه‌ش ڕه‌نگه هه‌ژماری كوژراوه‌كانمان زیاتر بێت.
ئه‌وه هه‌ر كۆمپانییه گه‌وره‌كان نین، که ژیانی خه‌ڵكی وڵاتانی تر به دۆزه‌خ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو سوپه‌رماركێته گه‌ور‌ره‌كانی به‌ریتانیا و وڵاتانی تری ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكاش بۆ گه‌یشتن به‌هه‌مان ئامانجیان كه قازانجه، هه‌مان ڕۆڵ ده‌بیننه‌وه. گه‌ڕان به‌دوای زه‌وی به پیت و سه‌رچاوه‌ی ئاوی زۆر و کرێی هه‌رزان له ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا له دابینکردنی سه‌وزه و میوه و ماسی و گۆشت به هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه ..هتد بۆ کڕیاره‌کانیان، ژیانی خه‌ڵکی وڵاته‌کانیان کردۆته دۆزه‌خ. " شه‌پۆلی یه‌که‌می پێشخستن و پێشکه‌وتنی سۆپه‌رمارکێته‌کان دای له شاره گه‌وره‌کانی وڵاته گه‌وره‌کان یا وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین. شه‌پۆلی دووه‌م خۆیدا به‌سه‌رخۆرهه‌ڵات وخۆرهه‌ڵاتی خوارووی ئاسیا، دواتر یا سێهه‌م شه‌پۆل خۆی بۆ وڵاته بچووکه‌کان یا هه‌ژاره‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و ئاسیا له‌وانه‌ش ئه‌مه‌ریکای ناوه‌ڕاست و خواروو و دواتریش خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریکا، په‌لی هاوێشت" لاپه‌ڕه 233 له په‌رتووكی Shopped له لایه‌ن Joanna Blythman . هه‌ر له‌و په‌رتووكه‌دا جه‌وان په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشت، که چۆن سۆپه‌رمارکێت ڕۆلێکی گه‌وره ده‌بین له به‌ره‌و گه‌وره‌بوونیش ده‌ڕوات له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی بازاڕی که‌ره‌سه‌کانی خواردنه‌وه و خوارده‌مه‌نی و پۆشاکدا، بۆ نموونه ده‌ڵێت " له ساڵانی 1980دا سۆپه‌رمارکێت ته‌نها له 10% بۆ 20% له فرۆشتنی خواردندا ڕۆڵی هه‌بوو، که‌چی له ساڵی 2000 دا شێری سۆپه‌رمارکێته‌کان هه‌ڵکشا بۆ له 50% تا 60% ". نووسه‌ری ئه‌م په‌رتووكه هه‌ر له لاپه ڕه‌ی دواتردا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشێت، که ئه‌م سۆپه‌رمارکێتانه به به‌رده‌وامی له‌و بواره‌دا پاره ده‌خه‌نه گه‌ڕ" شه‌ش له که‌ڵه سۆپه‌رمارکێته‌کانی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌ندا و به‌لجیکا له ساڵی 2002 دا 120 ملیۆن دۆلاریان هه‌ر به‌ته‌نها له وڵاتی تایله‌نددا، خسته گه‌ڕ.... .... دواتر له وڵاتانی وه‌کو کۆریای باشووری، تایوان، مالیزیا، چیك، هه‌نگاریا، پۆڵه‌ندا، سلۆڤاك و ئیرله‌نداش پاره‌یان خسته گه‌ڕ".
ڕامیاریی ئه‌م سۆپه‌رمارکێتانه ئه‌وه‌یه: به‌نرخێکی هه‌رزانتر، فرۆشتنی زیاتر بۆ ده‌ستکه‌وتنی قازانجێکی زیاتر. هه‌ر ئه‌مه‌شه پاڵیان پێوه ده‌نێت، که لقوپۆیان هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه بگرێته‌وه، جا ئیدی به زه‌وتکردنی زه‌ویوزار و ئاویان بێت یا فه‌رهوودکردنی خه‌ڵکه‌که و وڵاته‌که‌یان بێت، له‌لای ئه‌وان، ئه‌مانه هیچیان پرسێك نین. ڕۆژانه له زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی ئه‌م جیهانه‌دا له وه‌ڵامی یا ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕامیاری بێته‌قه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا، به‌رده‌وام خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره گه‌وره به‌رپا ده‌كرێن و هه‌ندێك جاریش به‌ناچاری ڕێگه‌ی خوێناوی به‌و كه‌سانه‌ی به‌م كارانه هه‌ڵده‌ستن، ده‌گیرێته به‌ر. گه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به سه‌دان گروپ دروست نه‌بووبن، ئه‌وه ده‌یان گروپ له ژێر ناوی جیاجیادا، به‌ڵام بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دروست بوون و كاریان جه‌خت لێ‌كردن و گوشار دانانه له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیانه و میری وڵاته‌كه، كه كۆنتراكتی له‌گه‌ڵدا كردوون و به‌ستوون.
تازه‌ترین ناڕه‌زایه‌تی، ئه‌وه سه‌ره‌تای مانگی جونی ئه‌مساڵ و كۆتایی مانگی مای بوو، كه له وڵاتی پیرۆ ڕوویدا و خوێناوی‌ترین پرۆتێست بوو له ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابوردوودا، كه له‌لایه‌ن دانیشتووانه هه‌ژاره‌كه‌ی ئه‌وێنده‌رێ، كه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیندۆسن و هه‌زار ساڵه له‌وێ ده‌ژین، بووه هۆی كوژرانی 50 كه‌س و برینداربوونی سه‌ده‌های تر، له به‌رامبه‌ریشدا 9 پۆلیسیشی تێدا كوژرا.
تاوانی ئه‌م خه‌ڵكه ته‌نها ئه‌وه بووه، كه وه‌كو هه‌موو كه‌سێكی تر، به‌رگریان له مافی خۆیان كردووه. پێرڤاندۆ پیورته، كه یه‌كێكه له هه‌ڵسوڕاوه چالاكه‌كانی ئه‌و گروپ و خه‌ڵكه وتی "ئه‌وان له كاتێكدا ده‌مان كوژن، كه ئێمه ته‌نها به‌رگری له ژیانی خۆمان، له سه‌روه‌ریمان، له ڕێزی که‌سێتیمان ده‌كه‌ین"، ئه‌و ناوی ناكۆكییه‌كانی نێوانی خۆیان و كۆمپانییه‌كانی نه‌وت و گاز به "دووه‌م جه‌نگی نه‌وت" نێو ده‌بات.
ئه‌و ڕاست ده‌كات، كۆمپانییه بێگانه‌كانی نه‌وت له جه‌نگه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌مازۆندا، له ده‌رهێنانی ئه‌و نه‌وته یه‌ده‌كییه‌ی كه به 6ملیاردد به‌رمیل خه‌مڵێنراوه، ده‌ستیان ئاوه‌ڵا كراوه. هه‌روه‌ها له بردن و فه‌رهوودكردنی سامانه سروشتییه‌كانی تری ئه‌وێنده‌رێی وه‌ك دار و ته‌خته و مس و شتی تری به‌هاداردا ئازاد کراون. ئه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له واژۆ كۆكردنه‌وه و ڕێپێوانی ئاشتیانه و هه‌تا ده‌خیلبوون و هانابردن بۆ ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا و هه‌ندێكی تر له ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی، به‌ڵام هێچیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، کاتێك که خۆیان یاسایان گرته ده‌ست و ڕێگای چالاكی ڕاسته‌خۆیان گرته به‌ر، چۆكیان به سه‌رۆكی پیرۆ دادا و ناچارییان كرد، كه ئه‌و یاسایه بۆ ماوه‌ی 3 مانگ ڕابگرێت.
ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه وه‌كو له سه‌ره‌وه‌ش باسم كردن، ڕۆژانه له سه‌ر كێشه‌ی نه‌وت، خه‌ڵوز، مس، ئاو ، ئاڵتون، ته‌خته، كاشی ، ماسی و گیانله‌به‌ره‌كانی تری ده‌ریایی و سه‌رجه‌می كه‌ره‌سته سروشتییه‌كانی تر له ئه‌مه‌ریكای لاتین، ئاسیا، ئه‌فریکا و ئه‌مه‌ریكای باكوور، له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی دوور (خوارووی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا) به‌رده‌وامن. شه‌ڕێكی ده‌سته‌و یه‌خه‌یه، له پێناوی له‌ده‌ستدانی هه‌موو شتێكدایه، به وشه‌یه‌ك ژیانیان به‌گشتی له‌ته‌ك ئه‌م كه‌ڵه‌كۆمپانیانه‌دا كه نه‌ك میرییه ناوچه‌ییه‌كان رێگایان پێده‌ده‌ن و له‌بری ئه‌و كۆنتراكته‌ی كه له‌گه‌ڵیاندا هه‌یانه، هه‌ندێك پاره‌یان لێوه‌ر ده‌گرن، به‌ڵكو به ناردنی پۆلیس و هێزی سه‌ربازی له دامركانه‌وه‌ی كه‌فوكوڵ و هه‌ڵچوونی خه‌ڵكه‌كه‌دا، له دژی ڕامیاریی نامرۆیانه و دڕندانه‌یاندا، پا‌رێزگاریشیان لێ ده‌كه‌ن.
له نایجیریا، له دێلتا نایجیر، كۆمپانی شێڵ كه ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه ئیستیغلالی نه‌وتی نایجیریایان كردووه و ڕه‌گی خۆی له زیاتر له سه‌د وڵات‌دا داكوتاوه، هه‌ر به ته‌نها له ساڵی 2008دا داهاتی ئه‌م کۆمپانیه 458 ملیاردد دۆلار بووه. 80%ی داهاتی وڵاتی نایجیریا له نه‌وت و موشته‌قاته‌كانی نه‌وت پێكدێت، هه‌روه‌ها واخه‌مڵێنراوه، كه نایجیریا له ساڵی 1960وه تاكو ئه‌مساڵ له نه‌وت 600ملیاردد دۆلاری داهاتی بووه. ئه‌م كۆمپانییه بووه‌ته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ژیانی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه، چونكه هه‌مو شتێكیان له ده‌ست داوه. هه‌موو شته‌كان، به حوكمی تێكه‌ڵاو بوونی نه‌وت به ژینگه، كه دزه‌ی كردووه بۆ ده‌ریاكان و سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كان، دارودره‌خت و میوه و سه‌وزه و گژوگیا و ... هتد، سروشته تایبه‌تیه‌كه‌ی گۆڕاوه. به‌پێی گاردیانی ڕۆژی چوارشه‌مه،